ژیانی "من" به‌بێ "تۆ" ده‌بێ چۆن بێت؟
ره‌نگه به‌ر له‌وه‌ی تاوتوێی ئه‌م پرسیاره به وردی نه‌کرێت نه‌توانم وه‌ڵامێک بخه‌مه روو، یان زه‌رووره‌تێک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه یاخود نه‌دانه‌وه‌ی باس بکه‌م، به‌ڵام ده‌زانم هه‌ر ئێستا خوێنه‌رانی ئه‌م بابه‌ته خودی ئه‌م پرسیاره‌یان بۆ ده‌بێته پرسیار و له‌وانه‌یه بڵێن باشه ئه‌و پرسیاره بۆچی؟ ره‌نگه هه‌ندێکتان پێتان پرسیارێکی تازه بێت و بۆتان گرنگ بێت و بتانه‌وێت چۆنێتیی مامه‌ڵه کردنی خۆم له‌گه‌ڵیدا ببینن و هه‌ندێکیشتان هه‌روه‌ک راهاتوون گاڵته‌تان به پرسیار دێت، گاڵته‌تان پێی بێت، به‌ڵام هه‌روه‌ک ئه‌م پرسیاره له‌لای خۆم دروست بووه به پێویستی ده‌زانم خۆشم به‌دوایدا بگه‌ڕێم و ئێوه‌ش ئه‌گه‌ر حه‌زتان لێی بوو بیخوێننه‌وه و ئه‌گینا....
به‌هه‌رحاڵ...، من به‌هه‌مان میتۆدی تایبه‌تیی خۆم بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کان به‌پێویستی ده‌زانم یه‌که‌م هه‌نگاوم سکان کردنی پرسیاره‌که و لێکدانه‌وه‌ی وشه‌یی بۆ هه‌رکام له وشه‌کان بکه‌م.
ژیان:
له هه‌موو زمانه‌کانی مرۆڤدا ئه‌م وشه‌یه له به‌رانبه‌ر مردن دێت واته، پێچه‌وانه‌ی واتای مردنه، واته ئه‌مه پرسیارێکی تره، [مردنی به‌بێ تۆ ده‌بێ چۆن بێت؟].
ژیان له‌ڕووی زمانییه‌وه "کار"ه، واته حاڵه‌تێکه که ده‌ربڕی ئه‌نجامدرانی کارێکه ئیتر هه‌رچی بێت.
له‌ڕووی فیزیکیشه‌وه به هه‌مان شێوه کاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌وترێت ده‌ژی، له مه‌ودای کات و شوێندا جووڵه‌ی هه‌یه که ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وزه‌یه‌ی به‌ره‌و یه‌کێک له ئاراسته جوگرافییه‌کان جووڵه‌ی پێده‌دات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جووڵه‌یه‌کی هه‌رچه‌نده بچووکیش بێت، به‌م پێیه هه‌رشتێک که بجووڵێت ده‌ژی...
له‌ڕووی بایۆلۆژییه‌وه بریتییه له هه‌بوونی وزه بۆ کارلێک و نه‌مانی وزه‌ی کارلێک ده‌بێته هۆی نه‌مانی ژین، واته ژیانێک له‌ئارادا نامێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کارێک له ئارادا نامێنێت که کاریگه‌ری بکاته سه‌ر ئه‌ویترێک، له ناوکه‌وه بگره هه‌تا زه‌به‌ڵاحترین بوونه‌وه‌ر. که‌واته ژیان له مانا بایۆلۆژییه‌که‌شیدا هه‌مان کاره.
که‌واته ژیان کاره، کار له هه‌رچێکه‌وه رووبدات کاریگه‌ری ده‌بێت، واته به‌رکرده‌وه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه، مه‌رج نییه به‌رکرده‌وه‌که ده‌رهاویشته‌ی هه‌ڵوێستێکی هه‌مبه‌رانه بێت و ده‌شێ به‌رکرده‌وه‌که له‌ناوچوونی کارلێکراوه‌که بێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌کرێ به‌رکرده‌وه‌که له‌ناوچوونی بکه‌ره‌که‌ی یه‌که‌می لێبکه‌وێته‌وه، ده‌کرێ بکه‌رێکی سێهه‌میش بێته ئاراوه له ئه‌نجامی کار و به‌رکرده‌وه‌دا.
له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ژیان هه‌ڵگری پێناسه‌یه‌کی ئاڵۆزتر و فره ره‌هه‌ندتره، که له‌ڕاستیدا مه‌به‌ستی منیش له راڤه‌ی ئه‌م وشه‌یه تاوتوێ کردنی مانای ژیانه له‌م رووه‌وه و سه‌نگ و سووک کردنی قورسایی واتاکه‌یه‌تی.
واتای کۆمه‌ڵایه‌تیی ژیان هه‌ڵگری ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌یه: ژیانی سیاسی، ژیانی کولتووری، ژیانی ئابووری، ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، که هه‌رکام له‌م ره‌هه‌ندانه ده‌رهاوێشته‌ی سۆنگه‌یه‌کی روانینی یه‌کێکه له‌و زانسته خوڵقاوانه‌ی هه‌وڵی پێناسه‌کردنی ئاژه‌ڵی قسه‌که‌ر، ئاژه‌ڵی پلانڕێژ، ئاژه‌ڵی ئایدیۆلۆژیک، ئاژه‌ڵی سیاسی و ... ده‌ده‌ن، به هه‌مان شێوه که له‌سه‌ره‌تاوه ئاژه‌ڵی په‌تییان به‌بێ هیچ پاشگرێک پێناسه کردووه و به‌جۆرێک له جۆره‌کان له‌و رێگه‌یه‌وه خۆیان له‌و به‌ستێنه فراوانه رزگار کردووه و هه‌وڵیان داوه به له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌وره و فره کردنه‌وه‌ی بواری باسی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی پێی ده‌ڵێن "مرۆڤ"[1] هه‌م پاساوێک بۆ به مه‌زن نیشاندانی "مرۆڤ" و هه‌م رێگه‌یه‌ک بۆ رمبازێنی خۆیان بکه‌نه‌وه.
هر بۆیه له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کاندا وشه‌ی ژیان واتایه‌کی تاکڕه‌هه‌ندی نییه که بشێت به ته‌نیا یه‌ک رسته بدرکێنرێت، به‌ڵكوو له چه‌ند ره‌هه‌ندی جیاجیاوه پێناسه‌ی بۆ ده‌کرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ر پێناسه‌یه‌کیشدا پێشگرێک یان پاشگرێکی پێوه ده‌لکێنرێت. به‌م پێیه بۆ ئه‌وه‌ی بۆم ده‌رکه‌وێت ژیانی من به‌بێ تۆ چۆن ده‌بێت، له هه‌رکام له‌و ره‌هه‌ندانه‌دا باسی لێوه ده‌که‌م.
-
ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی من به‌بێ تۆ ده‌بێ چۆن بێت؟
ئاخر من چارم نییه ده‌بێ ئه‌و لێکدانه‌وه وشه‌ییه لێره‌شدا به‌کار بهێنم. به سه‌رنجدان به‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه تاراده‌یه‌ک وشه‌ی ژیان لێکدرایه‌وه لێره‌وه وشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خوێنمه‌وه.
کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له‌و حاڵه‌ته‌ی که په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵگه‌وه واته تاکی نییه، واته به‌ستێنێک که هه‌موو کۆمه‌ڵ له‌ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری وه‌ک فاکته‌ری کولتووری، فاکته‌ری سیاسی، فاکته‌ری ئابووری، پێکه‌وه گرێده‌دات. که‌واته ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له ژیانێک که له‌بازنه‌ی ئه‌و فاکته‌ره ئاماژه پێکراوانه‌دا مانا بکرێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر تاکێک که چووبێته ژێر رکێفی ئه‌و به‌ستێنه هاوبه‌شانه‌یه‌وه ده‌بێته کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌پێی کۆمه‌ڵناسیی نوێ ئیتر مه‌رج بۆ به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون ئه‌وه نییه که مرۆڤێک له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تدا بژی و به‌و پێیه به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه کۆمه‌ڵایه‌تی بووبێت، به‌ڵکوو زه‌ینی ئه‌و مرۆڤه‌یه که خۆی له چ جیهان و له چ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌بینێت و خۆی به چ جیهان و کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه په‌یوه‌ست ده‌کات و ئینجا بۆشی هه‌یه که خۆی په‌یوه‌ست نه‌کات به هیچ کۆمه‌ڵێکه‌وه.
"من"، چه‌مکێکه که له هه‌ردوو زانستی ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵناسی و هه‌روه‌ها له زمانه‌وانیشدا پێناسه‌ی بۆ کراوه. "من"ی ده‌روونناسی هێمایه بۆ لایه‌نی ناشیرینی هه‌ر مرۆڤێک و به ره‌هه‌ندی دڕنده‌ی مرۆڤ ده‌زانرێت که به‌هۆیه‌وه یاخی ده‌بێت و کاریگه‌رییه‌کانی ئیکۆ له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه نزۆک ده‌کات و زیاتر له‌وه‌ی پشت به ئیکۆ(ده‌ورووبه‌ر) و به میرات و ژنتیک ببه‌ستێت پشت به ره‌مه‌که‌کان ده‌به‌ستێت. "من"ی کۆمه‌ڵناسی واتایه‌کی هێنده به‌رته‌سکه که ره‌نگه زۆر به که‌می ئاماژه‌شی بۆ بکرێت، له کۆمه‌ڵناسیدا "من" بوونی نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک مرۆڤێک باس له "من" بوون ده‌کات به لاده‌ر و نه‌خۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌واتایه‌ک به ئه‌بنۆرماڵ ده‌زانرێت.
له‌ڕووی زمانه‌وانییه‌وه "من" له‌به‌رانبه‌ر "تۆ" دایه، واته کاتێک مانا ده‌دات که "تۆ"یه‌ک له‌ئارادا هه‌بێت، که "تۆ" نه‌بووی "من"یش نییه به‌ڵام هه‌موان له‌وه بێ‌ئاگان[2] که ئه‌گه‌ر "من" نه‌بێت "تۆ"یه‌کیش له‌ئارادا نابێت، به‌ڵام زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کان هێنده تینووی سه‌پاندن و تۆتالیتاریزمی مانا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و یه‌کده‌ستکردن و تواندنه‌وه‌ی "من"ه‌کانن که چاویان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م واتا قووڵه‌دا کوێر بووه و ئێستا که من ئه‌م "من"ه‌م دۆزیوه‌ته‌وه به که‌شفێکی مه‌زنی ده‌زانم و هه‌مبه‌ری ده‌بمه‌وه.
به‌و پێیه "من" له هه‌رکام له‌و پێناسانه‌دا هه‌ڵگری بارێکی نیگه‌تیڤه، هه‌ڵبه‌ت نیگه‌تیڤ بوون له‌چاوی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کاندا نه‌رێیه به‌ڵام نیگه‌تیڤ بوون ئه‌گه‌ر بریتی بێت له‌و که‌شفه مه‌زنه ئه‌وا من به هه‌موو شێوه‌یه‌ک نیگه‌تیڤ ده‌بم و "من"ی نیگه‌تیڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسانه‌دا که بۆ ژیانی پۆزێتیڤ کراوه ناگونجێت.
به‌ڵام پێویسته لێره‌دا ئاماژه به‌وه بکه‌م که زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کان که به‌و شێوه‌یه پێناسه‌ی "ژیان" ده‌کات به‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یه که هه‌موو زانسته‌کانی تری خستۆته ژێر رکێفی خۆیه‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی سوود له‌وانیش وه‌رده‌گرێت، به‌م شێوه‌یه که له‌ڕێگه‌ی زانسته‌کانی تره‌وه ره‌هه‌ند و لایه‌نه جیاجیاکانی مرۆڤ که‌شف ده‌کات و له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه پێناسه‌یان ده‌خاته‌ڕوو، واته زمان زه‌بری کۆتایی ده‌وه‌شێنێت.
"به‌بێ" واته "نه‌بوون له‌گه‌ڵ...". "به‌بێ" له‌به‌رانبه‌ر "له‌گه‌ڵ"دا دێت و له‌ڕووی زمانییه‌وه هه‌ڵگری بارێکی نیگه‌تیڤه. ئه‌و حاڵه‌ته‌ی که "به‌بێ" هه‌رشتێک له هه‌ر مه‌ودایه‌کی شوێنکاتیدا له بکه‌رێکه‌وه روو ده‌دات زه‌یستانه به به‌ره‌نجامێکی جیاواز و له‌وانه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته که "له‌گه‌ڵ" هه‌ر له‌و مه‌ودا شوێنکاتییه‌دا له بکه‌رێکه‌وه روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه چ شتێک یاخود چ لایه‌نێکه یان چ مه‌رجێکه که بڕیار له‌سه‌ر "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ" ده‌دات؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش په‌یوه‌سته به‌وه‌یکه ئه‌و لایه‌نه یان شته یان مه‌رجه چه‌نده له به‌ربڕیاره‌که‌وه دووره، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌ن یان شت یان مه‌رجه که‌سێک بێت یان حاڵه‌تێک بێت له ده‌ره‌وه‌ی به‌ربڕیاره‌که یاخود هه‌مان به‌ربڕیاره‌که ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌رکردبێت ئه‌وا پێویسته به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆیان لێیان ورد بینه‌وه.
ئه‌گه‌ر که‌سێک بێت: ده‌رکردنی بڕیاری "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ"، ئه‌وا ده‌رخه‌ری هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی سه‌رۆک و بنۆکی یاخود ئه‌رباب و ره‌عیه‌تی یان فه‌رمانڕه‌وایی و فه‌رمانبه‌ری و ...، واته هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات ئاشکرا ده‌بێت، لایه‌نێک وته‌یه و لایه‌نێک گوێ، لایه‌نێک سه‌رده‌سته و لایه‌نێک بنده‌ست، لایه‌نێک فه‌رمانده‌ره و لایه‌نێک گوێرایه‌ڵ، که‌واته ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ش که له ئه‌نجامی "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ" بووندا ده‌که‌وێته‌وه، به‌ره‌نجامێکه که ئامانجی بڕیارده‌ره، به‌بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خێک به‌وه بدرێت که "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ" چ کارێک ده‌که‌نه سه‌ر به‌ربڕیار، چونکه ئه‌وه له ئامانجی بڕیارده‌دا گرنگ نییه، به‌ڵکوو گرنگ گه‌ڕان و شێلگیربوون و ده‌سته‌به‌رکردنی ئامانجی بڕیارده‌ره و به‌هاکه‌شی به‌ربڕیار ده‌یدات نه‌ک بڕیارده‌ر.
ئه‌گه‌ر بڕیارده‌ر حاڵه‌تێک بێت: واته دۆخێک بڕیار له‌سه‌ر "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ" بوون بدات، ئه‌گه‌رچی دیسانه‌وه هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌ره‌وه بوونیان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئاڵۆزتره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له زه‌ینی ئه‌و مرۆڤانه‌دا یان شتێک به‌ناوی حاڵه‌تێک که زۆردارانه بڕیارێک بۆ جێبه‌جێکردن ده‌ربکات مانای نییه یاخود ئه‌گه‌ر ماناشی هه‌بێت ئه‌وا به‌هه‌ندێ واتای تری وه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی، بژار، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه سازش له‌پێناو ئاشته‌وایی و ئاسایش‌دا، لێکده‌درێته‌وه و به‌م جۆره چونکه ناتوانێت له‌و په‌یوه‌ندییه تێبگات و ئازاره‌کانی ئه‌و بڕیاره له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆی هه‌ست پێ‌بکات ئه‌وا یان هاوکێشه‌که پێچه‌وانه ده‌کاته‌وه یاخود ده‌یسڕێته‌وه و هاوکێشه‌یه‌کی هاسانتر و نزیکه ده‌ستتر ده‌خاته به‌رده‌م خۆی، ئه‌گه‌رچی له هیچکام له‌م حاڵه‌تانه‌دا ئه‌نجامه‌که گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌ڵکوو ئه‌وه مرۆڤه که به‌وپه‌ڕی مازۆخیزمه‌وه قامچی بڕیار له‌سه‌ر له‌شی خۆی شیرین ده‌کات.
ئه‌گه‌ر بڕیارده‌ر هه‌مان به‌ربڕیار بێت: بڕیار ده‌رکردن له‌سه‌ر خۆ؟ سه‌باره‌ت به "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ"؟ کرۆکی کێشه‌که لێره‌دایه، توانه‌وه له یاسای دوو جه‌مسه‌ری بوون، به‌شێوه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت جه‌مسه‌رێکیان ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ش نه‌بێت هاوشێوه‌ی ئه‌و جه‌مسه‌ره له هه‌ناودا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت [گواستنه‌وه‌ی گرێی مه‌سیحا به هه‌ناو]، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه ئه‌گه‌رچی پێیوایه ئه‌وه خۆیه‌تی بڕیار له‌سه‌ر خۆی ده‌دات به‌ڵام بیری چۆته‌وه که ئه‌و بۆیه مرۆڤه چونکه کۆمه‌ڵایه‌تییه، چونکه له‌و چوارچێوه به‌رته‌سکانه‌دا که نایانبینێت راهێنراوه و ته‌نانه‌ت چوارچێوه کراوه‌ته به‌شێک له هه‌بوونی ئه‌و و له هه‌موو شتێکی‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و به‌رته‌سکترین چوارچێوه‌ش هه‌مان ئه‌و زمانه‌یه جیهانی زه‌ینی ئه‌وی به چه‌ند وشه و پێناسه‌یه‌کی ساویلکانه شه‌خته‌به‌ند کردووه، هه‌ربۆیه‌ش به‌هۆی ئه‌و سنوور و چوارچێوه به‌رته‌سکه ماناییانه‌وه به سانایی هه‌لوێسته له‌سه‌ر "به‌بێ" یان "له‌گه‌ڵ" بوون ده‌کات، بژار ده‌کات، بڕیار ده‌دات و هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌نجامێک ده‌نێت که له‌حاڵه‌ته پێچه‌وانه‌که‌یدا شتێکی تر ده‌بوو.
"تۆ"، له‌به‌رانبه‌ر "من"دا، ئه‌و "من"ه‌ی له‌سه‌ره‌وه باس کرا و ده‌شێ له هه‌مان ده‌لاقه‌ی "من"ه‌وه له‌لایه‌ن خۆته‌وه بۆی وه‌ژوور که‌وی، ئه‌وکات بۆت ده‌رده‌که‌وێت "تۆ" چییه.
"؟": له کۆتایی رسته‌یه‌کی ته‌واودا دێت، رسته‌یه‌ک که له‌پاش ئه‌و ئیتر هه‌ناسه ده‌وه‌ستێنرێت، کاری زمان ته‌واو ده‌بێت و کاری گوێ ده‌ست پێده‌کات به ئۆتۆماتیکی له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هێمایه دانرا له کۆتایی رسته گوێیه‌کان قوت ده‌بنه‌وه و چاوه‌ڕوانی به‌زمان هاتنی به‌رده‌نگ ده‌بن.
ئه‌مه پرۆسه‌یه، پرۆسه‌یه‌ک که ده‌سه‌ڵات تیایدا بیچم ده‌گرێت و هه‌ڵگری په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاته له ئاسته جیاوازه‌کانیدا. یان مه‌کره بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات: واته ده‌نگ له‌ڕێگه‌ی به لاواز نیشاندانی خۆی به ده‌نگێکی نزم و به فۆڕمێکی نه‌زانانه‌وه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هێمایه‌وه ده‌گه‌ڕێت به‌شوێن که‌شفی مانایه‌ک یاخود پرسێک یان حاڵه‌تێک که به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی به‌دوایدا بگه‌ڕێت ده‌یهه‌وێت له به‌رده‌نگه‌که‌ی وه‌ربگرێت، ئه‌مه مه‌کری ده‌سه‌ڵاته، به‌شێوه‌یه‌ک له‌پاش بیستنی وه‌ڵام، واته رسته‌یه‌ک له به‌رده‌نگه‌وه که ئیتر نه‌ک به هێمای پرسیار به‌ڵکوو، به نوخته کۆتایی دێت، ئیتر هه‌ست به زاڵێتی ده‌کات، لانیکه‌م به‌سه‌ر ئه‌و پرس و پرسیار و حاڵه‌ته‌دا. یاخود ده‌رهاوێشته‌ی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی پرسیارکه‌ره که به ده‌نگێکی به‌رزتر و به زه‌بره‌وه که نه‌ک هه‌ر ته‌نیا چاوه‌ڕوانی بیستنی ده‌سه‌ڵاته به‌ڵکوو هه‌ڵگری وشه‌یه‌کی نه‌درکاوه له هه‌ندێ حاڵه‌تدا که ئه‌ویش وشه‌ی "ده‌بێ"یه که به‌بێ ئه‌وه‌ی به زاریدا بهێنێت له پێستی رسته پرسیارییه‌که‌یدا خۆی مه‌ڵاس داوه و ئه‌مه‌ش به ته‌واوی له‌لایه‌ن به‌رده‌نگه‌وه هه‌ست پێده‌کرێت که هه‌ر خودی ئه‌وه ترسێک له هه‌ناوی لایه‌نی پرسیارلێکراودا ده‌ورووژێنێت که یه‌کاویه‌ک ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیش نه‌داته‌وه ئه‌وا ده‌یخاته بیری ئه‌وه‌وه که له‌ئاکامی وه‌ڵام دانه‌وه یاخود نه‌دانه‌وه‌یدا رووبه‌ڕووی چ ئه‌نجامێک ده‌بێته‌وه، ئیتر هه‌ر شتێک که له به‌رده‌نگه‌وه رووبدات چ هه‌ڵچوونێکی به‌ره‌نگارانه بێت له به‌رانبه‌ر پرسیارکه‌ردا، چ هێمنایه‌تییه‌کی هه‌ڵگری وه‌ڵام، ده‌چێته خانه‌ی به‌رکرده‌وه یاخود هه‌ڵوێست و ئه‌وه‌ش خاڵی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات داده‌کوتێت. ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له سه‌ر کاغه‌ز و به‌شێوه‌ی نووسراویش بێت ئه‌وا هه‌مان پرۆسه تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌موو ئه‌و ورووژان و هه‌ڵچوون و هێمنایه‌تییه له هه‌ناسه‌ی پشتی ئه‌و وشه نووسراوانه‌وه له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست پێده‌کرێت.
ئه‌گه‌ر پێمان وابێت که هه‌موو زانسته جۆراوجۆره‌کان به‌رهه‌می پرسیاره جۆراوجۆره‌کانن ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه که زانسته خوڵقاوه‌کان هه‌مان ئه‌و ورووژانانه‌ن که له‌کاتی پرسیار لێکراندا رووده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێک بدۆزرێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌و ئاسته جیاوازانه‌دا که له سه‌ره‌وه باسم کردن[ ئه‌گه‌ر بڕیارده‌ر یاخود لێره‌دا پرسیارکه‌ر که‌سه‌ێک بێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆ، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێک بێت، ئه‌گه‌ر خۆ بێت].
ژیانی سیاسیی من به‌بێ تۆ ده‌بێ چۆن بێت؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێکی گرنگی تره، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌وینه داوی واتا جێکه‌وتوو و ساویلکانه‌کانه‌وه پێویسته بیر له‌وه‌ش بکه‌ینه‌وه که وشه‌ی سیاسه‌ت چییه و سه‌مای ساردی پیته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌م وشه‌یه ده‌یهه‌وێ چی له مێشکماندا داکوتێت.
سیاسه‌ت: ئه‌م وشه‌یه کاتێک مانا ده‌به‌خشێت که وشه‌یه‌کی تر له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندیدا هه‌بێت، واته سیاسه‌ت چه‌مکێکه که له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردن و سه‌قامگیرکردن و زاڵکردنی به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌هێنرێته کایه‌وه، به واتایه‌کی تر سیاسه‌ت بریتییه له گرتنه‌به‌ر یان تاقیکردنه‌وه‌ی رێگه‌کان بۆ گه‌یشتن به باشترین رێگه بۆ ده‌سته‌به‌رکردن و سه‌قامگیر کردن و زاڵکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه که‌سانه یان گرووپیه‌کان که ئه‌و که‌س یان گرووپانه‌ش له چوارچێوه و فۆڕمه جیاجیاکاندا ناوی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌ڵده‌گرن: گرنگ لێره‌دا جۆری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و گه‌وره و بچووکییان نییه.
ده‌کرێ پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه به‌م شێوه‌یه داڕێژینه‌وه: ژیانی من بۆ گه‌ڕان به‌شوێن ده‌سته‌به‌رکردن و سه‌قامگیر کردن و زاڵکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کاندا به‌بێ تۆ ده‌بێ چۆن بێت؟ [ئیتر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه که‌سانه بن یاخود گرووپی]
سه‌رنج بده ئه‌م رسته‌یه کاتێک ده‌شێ بێته زمان و نووسین که له‌سه‌ر په‌یوه‌ست بوونمان به جووڵه‌کانی ئه‌وانی جگه له‌خۆمان ساخ بووبێتینه‌وه. خودی ئه‌و رسته‌یه له‌سه‌ر ته‌وه‌ری وشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سووڕێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویسته بیرێک له‌م چه‌مکه بکه‌ینه‌وه:
به‌رژه‌وه‌ندی له به‌رانبه‌ر زیاندا دێت واته پێچه‌وانه‌ی زیانه و له‌ڕووی کێش و سه‌نگه‌وه یه‌ک قورساییان هه‌یه و ده‌کرێ ئه‌گه‌ر بازنه‌یه‌ک بهێنینه به‌رچاومان خاڵی پێکگه‌یشتنی هه‌ردووک سه‌ری بازنه‌که ده‌بێته خاڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی زیان و به‌رژه‌وه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سێک ده‌بێته زیانی که‌سێکی تر و به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپێک یه‌کسانه به زیانی گرووپێکی تر و هه‌رکات ئه‌م دووجه‌مسه‌ریی زیان و به‌رژه‌وه‌ندی بیچمی گرت ئه‌وا بیرکردنه‌وه ده‌بێته که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کیی داڕشتنی پیلانێک بۆ شکاندنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له‌پێناو خۆ یان گرووپی خۆمانه و بیرکردنه‌وه له‌م پیلانه بیچم به چه‌مکی سیاسه‌ت ده‌دات. [سیاسه‌ت: پیلان]
"تۆ" چ رۆڵێکی ده‌بێت و له "ژیان"ی "سیاسی"ی"من"دا؟ له‌و به‌ستێنه‌دا که هه‌موو ئه‌م چه‌مکانه ئه‌گه‌ری هاتنه‌بوونیان دێته ئاراوه، تۆ یان "خۆمانه"ی یا "له‌وانی تر"ی یان "بێلایه‌ن"ه. ئه‌گه‌ر "خۆمانه" بێت ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش ده‌بێت له‌نێوان "من" و "تۆ"دا، ئه‌گه‌ر "له‌وانی تر" بێت ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیی "دژیه‌ک" ده‌بێت و ئه‌گه‌ریش "بێلایه‌ن" ئه‌وا ئه‌گه‌رچی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هاوبه‌ش یان دژیه‌کی راسته‌وخۆ له‌ئارادا نابێت به‌ڵکوو خودی "بێلایه‌ن" بوونه‌که ده‌بێته به‌رژه‌وه‌ندی، واته پیلانێکی تر، سیاسه‌تێکی له‌جۆرێکی تر، زیانێکی له‌جۆرێکی تر. چونکه دیسانه‌وه هه‌ڵبژاردنی "بێلایه‌نی" خۆی ده‌رهاویشته‌ی بیرێکی سیاسیی تره و له‌خۆیدا پیلانێکی داڕێژراو و بیرلێکراوه‌یه. وشه‌ی "پیلان" له‌خۆیدا وه‌ک وشه‌یه‌کی په‌تی هیچ بارێک هه‌ڵناگرێت به‌ڵکوو ئه‌وه به‌ره‌کانی زیان/ به‌رژه‌وه‌ندین که بارگاویی ده‌که‌ن، بۆ وێنه لایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی به "پلان"ی ده‌زانێت و لایه‌نی زیان به "پیلان".
لێره‌شدا گرنگه باس له‌وه بکه‌م که ئاراسته‌کردنی زیان/به‌رژه‌وه‌ندی پێویستی به به‌ستێن یان به‌ستێنگه‌لی به‌هایی هه‌یه، واته پێویسته کۆمه‌ڵێک دیارده بخوڵقێندرێت و ئه‌و چه‌مکانه‌ی له‌سه‌ر بینا بکرێت. بۆوێنه ناسیۆنالیزم، خه‌باتی چینایه‌تی، ئایینگه‌رایی، خێڵگه‌رایی و له‌هه‌رکام له‌م به‌ستێنانه‌دا بریقه‌دارکردنی هه‌ندێک چه‌مکی وه‌ک نه‌ته‌وه، چینی کرێکار، سه‌رێتی به‌خشین به ئایینێک و پیرۆزکردنی خوێنی خێڵایه‌تی و تۆمارکردنی به‌های ورد و درشت له‌هه‌رکام له‌واندا و دواتر فراوان کردنه‌وه و په‌ره‌پێدانیان و پێناسه کردنیان له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگه‌دا. [هه‌موو ئه‌مانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کدا که له‌ڕاستیدا زیانی ئه‌ویتره، به‌رژه‌وه‌ندی و زیانێک که له‌ڕاستیدا ما‌نایان نییه به‌ڵکوو ئه‌و مانایه‌ی که خراوه‌ته پاڵیان به‌ره‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌که که له به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌نێوان "من" و "تۆ"دا دروست ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ک له‌نێوان "من" و "تۆ"دا نه‌بێت ئه‌وا شتێک له‌ژێر ناوی به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تیش نابێت و ئینجا به‌رژه‌وه‌ندیش و سیاسه‌تیش پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه. [ئه‌مه به‌مانای سڕینه‌وه‌ی ده‌قی پرسیار نییه، به‌ڵکوو کنه و دۆزین و پشکنین و له‌قاو دانی پرسیاره‌که‌یه].
ژیانی "من" به‌بێ "تۆ" ده‌بێ چۆن بێت؟
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست شیکردنه‌وه‌ی هه‌موو وشه‌کان نییه به‌ڵکوو گرنگ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو "من"ێک بتوانێت هه‌موو وشه‌کان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و له‌مانا رووتیان کاته‌وه و هه‌ر به‌م پێێه‌ش ده‌سه‌ڵاتی زمان دێته له‌رزین چونکه ئیتر ئه‌و مانا سواوانه نین که "من"ه‌کان به‌بێ بیرلێکردنه‌وه بیانبیستێت و بیانبێژێت و بیاننووسێت به‌ڵکوو ده‌کرێ به‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ستێک یان بیرێک له قاڵبی وشه‌یه‌کی ته‌نیا یاخود رسته‌یه‌ک وشه بدرێت "من" به‌نێو هه‌قیقه‌ته‌کاندا بگه‌ڕێت، به‌م شێوه‌یه‌یه که ده‌زانێت ژیانی "من" به‌بێ "تۆ" چۆن ده‌بێت، ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ی ده‌سته‌مۆ ناکرێن، ده‌سته‌مۆ ناکه‌ن، نابنه که‌ره‌سته بۆ ده‌سته‌مۆ کردن.
نووسینی ئه‌م ده‌قه کۆتایی هات به‌ڵام ده‌زانم زۆرێک له خوێنه‌ره‌کانی پێێانوایه له ناکات و نابه‌جێ کۆتایی هات، ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه ئاساییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا هاتنه ده‌ر له کڵێشه‌کان بۆیان هاسان نییه به‌ڵام ئه‌وه "من"ه مامه‌ڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌که‌یدا رێکده‌خات.
[1] . له‌مه به‌دوا منیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێموایه ئه‌م وشه‌یه ته‌نیا حیکایه‌ت له یه‌کێک له ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌و ئاژه‌ڵه ده‌کات به‌ڵام بۆ ئاسانکاری که‌ڵک له وشه‌ی مرۆڤ وه‌رده‌گرم، به سه‌رنجدان به‌وه‌ی خوێنه‌رانی به‌ڕێز ته‌نیا به وشه‌یه‌ک بۆ ئاسانکاری له‌به‌رچاوی بگرن.
[2] . هه‌ڵبه‌ت بێ‌ئاگا نین به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دایه خۆیان له بێئاگایی ده‌ده‌ن و هه‌موو هه‌وڵێک له ئاراسته‌ی له خشته بردنی نیگه‌تیڤه‌کانه.