تاریكبیری و بیر كردنەوە لە تاریكیدا/عەتا جەماڵی
بەناوی تاریكبیری و بیر كردنەوە لە تاریكیدا، پێویستە سەر لە نوێ رووناكبیری مانا بكەینەوە. بەجێی ئەوەی بیر لە جیاوازییەكانی رووناكبیری ئەمڕۆ و رووناكبیری زوو بكەینەوە، خێری ناتەبایی لەسەر قۆرخكردنی ناوی رووناكبیریی رابردوو و ناوەرۆكە قورسەكەی ببەخشینەوە بە خۆیان و رادەستی مێژوو بكەینەوە. بەم شێوەیە بەجێی ململانێ لەسەر دەلالەتی رووناكبیری و ناكۆكی لەسەر ئەویكە كێ رووناكبیرە یان كێ رووناكبیر نییە و بەجێگەی خۆ فڕێدانە نێو مقۆمقۆی رووناكبیرانەوە پێویستە سەرمان بەرز كەین و لە رێی رووناكبیری لادەین، ئێمەی تاریك بیر.
بۆ ئەو كارە نەك تەنیا بیركردنەوە پێویستی بە رووناك بوون یان نەبوونی كەشی تێهزرین نییە، بەڵكوو بۆ بیركردنەوەیەكی لەو چەشنەی كە ئێمە بەدوایدا دەگەرێن، تاریكی مەرجێكی سەرەكی و پێویستە.
جۆرێك تێڕوانینی كرچ و كاڵ لە هزری رووناكبیریدا هەیە كە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت پێویستە ببینین و بینینیش تەنیا بەهۆی رووناكییەوە و لەژێر تیشكی رووناكیدا دەستەبەر دەبێت. نزیكایەتیی بیبین و بیركردنەوە هەمیشە بێركردنەوە بەڕادەی بازنەی بینین بەرتەسك دەكاتەوە و چاویش بە سەر و سەریش خۆی بە سۆبجێكتێك دەبەستێتەوە كە لە جیهان دەڕوانێت. ئەم ئۆتۆریتەیەی روانین و چاو، باڵی كێشاوە بەسەر تەواوەتی نەریتی بیركردنەوەدا. رووناكبیر كەسێكە كە كێشەكانی كۆمەڵگە دەبینێت، رووناكبیر ئەو شتانە دەبینێت كە ئەوانیتر نایبینن. رووناكبیر زانایەكە كە لە تاقیگەی كۆمەڵگەدا رۆڵی بەدی كردنی شتە نابەدییەكان دەگێڕێت. كاتێك دەڵێین رووناكبیر ئەو شتانە پێشانی خەڵك دەداتەوە كە بەهۆی شەفافیەتی لەڕادەبەدەرەوە لە چاو ون بوون، مەبەستمان ئەوەیە كە خەڵك توانایی بینینی زۆرێك لەو پەیوەندییە شاراوانەیان نییە كە زاڵن بەسەر چارەنووسیاندا و ئەوە ئەركی رووناكبیرە كە بە تاوتوێ كردنی پەیوەندییەكانی دەسەڵات و رەچەڵەكناسیی ئەوەی لە دەوروبەریانە، خەڵك لە بارودۆخی خۆیان ئاگادار بكەنەوە. ئەوەی دەمانەوێ بیڵێین ئەوەیە كە ئەم بینینە و ئەم پێشاندانە هیچ پەیوەندییەكی بە چاوەوە نییە بەڵكوو پرۆسەیەكی تەواو زەینییە و پەیوەندیی بە هزرەوە هەیە. بەهەرحاڵ بەكارهێنانی ئەو وشە و كردارانەی كە سەبارەت بە بەچاو بینین بەكار دەهێندرێن ئاماژە بە جۆرێك لە وابەستە بوونی بیركردنەوە و نەریتی تێفكرین بە بەدی و بەدیكردنەوە هەیە و ئەو وابەستەییەش نكۆڵی هەڵناگرێت.
چەمكی رووناكبیری لە هەرێمی كوردستان جیا نییە لەو واتایەی كە لە هەموو دۆخە شوێنكاتییەكانی دیكەدا هەیە. بەڵام ئەوەی كە جیاوازە مۆدێلی رووناكبیری و چۆنیەتیی كاری رووناكبیرانە.