له برا بچووکه‌که‌ت مه‌ده، ئه‌گینا لێت ده‌ده‌م...!!!/ عه‌تا جه‌ماڵی
هێی سه‌رۆک باشتر وایه جوامێرانه پاش ئه‌وه‌ی زبڵه‌کانت برده به‌ر ده‌رگا، سه‌رێک به‌ناو سندووقه کۆنه‌ساڵه‌که‌تدا بگێڕی و هێنده‌ی نیسکێک سیانوور بخه‌یته سه‌ر زمانت... دڵنیا به به خێرایی چرکه‌یه‌ک هه‌ر هه‌موو شت کۆتایی دێ، هه‌م ژیانی تۆ و هه‌م مه‌رگی ئه‌وانی تر، ئه‌گینا ئه‌مجاره‌یان توندوتیژی له خواره‌وه ده‌ستپێده‌کات (شۆڕش).
چ شتێکه که له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی برا گه‌وره له برا بچووکدا ره‌وایی به هه‌ڕه‌شه‌ی باوک ده‌دات؟ چ جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان ئه‌و دوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا؟ بۆ ده‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ی باوک دادگه‌رانه بێ و هه‌ڕه‌شه‌ی برا گه‌وره بێدادی؟ ئایا له هه‌ر دووک حاڵه‌تدا توندوتیژی به‌دی ناکرێت؟ (جی، ئی، ئێم، ئینسکام)، له وتاری "چاوگی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌ت"دا ئه‌م پرسیاره وه‌ک پرسیاری بنچینه‌یی تیۆریی سیاسی ده‌ناسێنێت.
ره‌وایی توندوتیژیی باوک و ده‌وڵه‌ت زیاتر له‌وه‌ی که هه‌ڵگری شیکارییه‌کی سیاسی بێت پێویسته وه‌ک گوته‌زایه‌کی ده‌روونناسانه لێی بڕوانین. ره‌شایی گومان له‌وه ناکات که ده‌بێ جه‌نگامراز و که‌ره‌سته‌کانی له‌کار کردنی توندوتیژی له‌به‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت، به‌و پێیه‌ش له‌وپه‌ڕی ناڕه‌زایی و شۆڕشیشدا هه‌وڵی ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئامراز و که‌ره‌ستانه نادات به‌ڵکوو هه‌وڵی گواستنه‌وه و جێگۆڕکه‌ی خاوه‌نداره‌کانی ده‌دات، به وته‌یه‌ک لای وایه هه‌میشه پێویسته که‌سێک هه‌بێت سه‌روه‌ری بکا و هه‌وڵی پاراستنی سه‌ره‌وه‌رییه‌که‌ی بدات و رووه شاراوه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌رکی ره‌شایی ئه‌وه‌یه که هه‌میشه بنده‌سته و ژێرچه‌پۆکه بێت (گرێی مه‌سیحا). به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕیین به‌شوێن ره‌گی ئه‌و گرێ ده‌روونناسانه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر کۆک بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی "خووگره" و چه‌مکی کولتووریش خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان خووگر بوونی مرۆڤ که له ره‌وتی مێژوویه‌کی تایبه‌تدا کۆمه‌ڵێک له‌و ئاسه‌واره مێژووییه ده‌بنه به‌شی دانه‌بڕاوی ژیانی داهاتووی ئه‌و، ئه‌گه‌ر ئه‌خلاقیش وه‌ک ره‌هه‌ندێکی کولتووری له‌به‌رچاو بگرین و پێمان وابێت ئه‌ویش به‌رئه‌نجامی راهاتنه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و میتۆدێکی په‌یوه‌ندی و به‌و مه‌رجه‌ی خۆمان له‌و پرسه به ئاگا هاتبێتینه‌وه که ئه‌خلاق یه‌کێکه له ئامرازه‌کانی به‌رده‌ستی سه‌رۆک(چ باوک و چ ده‌وڵه‌ت) و بوێریی له‌کار کردنی هێمای پرسیارمان هه‌بێت، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که دوو چه‌مکی باوک و ده‌وڵه‌ت کاتێک دێنه ئاراوه که ئێمه ئازادییه‌کانمان له‌پێناو ئاسایشێکی درۆیین له به‌رانبه‌ر ترسێکی نه‌بوو و ده‌ستکردی سه‌رۆکدا فرۆشتبێت و ده‌توانین بپرسین هێز و هه‌ڕه‌شه و توندوتیژی بۆچی؟ له‌پێناو پاراستن؟ له‌پێناو ئاسایش؟ له‌پێناو ئازادی؟ پاراستن به توندوتیژی؟ ئاسایش به توندوتیژی؟ ئازادی به توندوتیژی؟ توندوتیژییه‌ک که به‌رئه‌نجامه‌که‌ی مه‌رگه.
به‌ر له‌وه‌ی به که‌سێکی رۆمانتیک پێناسه بکرێم ده‌ڵێم رۆمانتیسیزم خۆی جۆرێکه له بنده‌سته‌یی. بنده‌سته‌یی بۆ سۆز و هه‌سته مرۆڤدۆستانه‌کان که هه‌ر ئه‌وه خۆی یه‌کێکه له ئامرازه سیاسییه‌کانی پڕوپاگنده‌ی فه‌رمانڕه‌وا و ده‌وڵه‌ت و باوک.
هێی سه‌رۆک باشتر وایه جوامێرانه پاش ئه‌وه‌ی زبڵه‌کانت برده به‌ر ده‌رگا، سه‌رێک به‌ناو سندووقه کۆنه‌ساڵه‌که‌تدا بگێڕی و هێنده‌ی نیسکێک سیانوور بخه‌یته سه‌ر زمانت... دڵنیا به به خێرایی چرکه‌یه‌ک هه‌ر هه‌موو شت کۆتایی دێ، هه‌م ژیانی تۆ و هه‌م مه‌رگی ئه‌وانی تر، ئه‌گینا ئه‌مجاره‌یان توندوتیژی له خواره‌وه ده‌ستپێده‌کات (شۆڕش).